تائێستا پارتی و یەکێتیی بەڕەسمی وەڵامی بزوتنەوەی گۆڕانیان نەداوەتەوە سەبارەت بەپڕۆژەی پێکھێنانی حکومەتی کاتی، بەرپرسێکی بزوتنەوەکەش ڕایدەگەیەنێت، “لەوە زیاتر چاوەڕێناکەین و پشوو درێژنابین”، نوێترین زانیارییش لەبارەی پەنابردن بۆ بژاردەی شەقام ئاشکرادەکات.

 

کوێستان محەمەد ئەندامی جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان، ڕاگەیاندووه‌ “گۆڕان جەخت لەپێکھێنانی حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانی و ھەڵوەشاندنەوەی ئەم حکومەتە دەکاتەوەو سازشمان لەو داواکارییە نەکردوە”.

 

سەبارەت بەھەڵوێستی بزوتنەوەکەی لەئەگەری ڕەتکردنەوەی پێکھێنانی ئەو حکومەتە لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە، ئەندامەکەی جڤاتی گشتیی وتی:”ھەرکاتێک دانوستانەکانمان لەگەڵ پارتی و یەکێتی گەیشتە بنبەست، ئەوکات دەستبەجێ جڤاتی نیشتمانیی کۆدەبێتەوەو بژاردەکانی دیکە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە تاوتوێدەکات بەبژاردەی جوڵاندنی شەقامیشەوە”.

 

ڕاشیگەیاند، “تائێستا گۆڕان چاوەڕێی وەڵامی پارتی و یەکێتییە، ئەگەر بشزانین دەیانەوێت کات بکوژن، ئەوە کۆدەبینەوەو بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدەین”.

 

بەوتەی کوێستان محەمەد، گۆڕان دەیەوێت پێکھێنانی حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانی لەم مانگەدا یەکلایی ببێتەوەو لەسەر وەڵامی پارتی و یەکێتی ناوەستن و پشوو درێژتر نابن.

 

لێدوانەکەی کوێستان محەمەد لەکاتێکدایە، ڕەفعەت عەبدوڵڵا ئەندامی سەرکردایەتی ھاوبەشی یەکێتیی و گۆڕان ڕاگەیاندووه‌ “یەکێتیی وەڵامی گۆڕانی ئامادەکردوەو چاوەڕوانی ئەوانین بۆ ئەوەی خۆیان یەکلایی بکەنەوە بۆ کۆبونەوەیەکی سەرکردایەتی ھاوبەش”.

 

سه‌رچاوه‌: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی