ئەم ھەفتەیە ھەفتەیەکی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ دۆخی ھەرێم و وەفدێکی باڵای لایەنە سیاسییەکانیش سەردانی بەغدا دەکات، بەرپرسێکیش ڕایدەگەیەنێت: ئەولەویەتی ئەو وەفدە, بژێوی ھاوڵاتیان دەبێت.

 

به‌پێی هه‌واڵی مامه‌ڵه‌ به‌گێڕانه‌وه‌ له‌تۆڕی هه‌واڵی سلێمانییه‌وه‌، مەڕوان گەڵاڵی، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاندووه‌: حکومەتی کاتیی ھەرێم بەشێوازێک دەبێت کە بتوانێت دۆخی ئێستا بگەیەنێتە ئارامی، لەم ھەفتەیەشەوە گۆڕانکاری نوێ دێنەئاراوە.

 

سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌

 

ئه‌وه‌شی گوت: سەرۆکی پەرلەمان دەگەڕێتەوە ھەولێرو سەرجەم فراکسیۆنەکانیش بەشداری لەکۆبونەوەی داھاتووی پەرلەمان دەکەن، وەفدێکی باڵاش کە نوێنەرایەتی سەرجەم لایەنەکان دەکات، سەردانی بەغدا دەکات و موچەو بژێوی ھاوڵاتیانیش ئەولەویەتی کارەکانیان دەبێت.

 

گه‌ڵاڵی زیاتر گوتی:” لەگەڵ حکومەتی عیراق بەجدی گفتوگۆ دەکرێت، ئەوەندە نەوتەی بەدەست ھەرێمەوە ماوە رادەستی بەغدا دەکرێتەوە، تا ئیستحقاقی ھەرێم وەک خۆی بنێرێت”.

 

باسی له‌وه‌ش كرد:” لەنێوان کۆمەڵ و گۆڕان کۆبونەوەی بەردەوام ھەبووەو پەیوەندیشیان بە یەکێتی کردووە، بۆیە ئەم ھەفتەیە شتێک دەبێت کە جێگەی دڵخۆشیی گەلی کوردستان دەبێت”.

 

سەبارەت بەکشانەوەی وەزیرەکانیان و پێکھێنانی حکومەتی ڕزگاری نیشتمانی، ئه‌و به‌رپرسه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی گوتی: ئەگەر یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی ڕێکەوتن لەسەر حکومەتی ڕزگاری نیشتمانیی بکەن، دەبێتە ئەمری واقع و لایەنەکانی تریش ناچار پێوەی پابەند دەبن”.