بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی ھەرێم ڕاپۆرتێک سەبارەت بەڕەوشی کەشوھەوا بڵاودەکاتەوەو ڕایدەگەیەنێت، “لەشەوی پێنجشەمەوە شەپۆلێکی بارانبارین زۆربەی ناوچەکانی ھەرێم دەگرێتەوە، لەشەممەشەوە بارستە ھەوایەکی ساردی بەفرو خۆڵبارینیش ڕوو لەھەرێم دەکات”.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی ھەرێم، سبەینێ پێنجشەممە کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست کاردەکاتەسەر ھەرێمی کوردستان کە لەکاتەکانی شەوی پێنجشەممەوە بارانبارین لەزۆربەی ناوچەکان دەستپێدەکات.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لەناوچە شاخاویی و نیمچە شاخاویەکانی پارێزگای ھەولێر ئاستی بارانباران زیاتر دەبێت لەچاو ناوچەکانی دیکە, نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست لەسەر ھەرێمی کوردستان بەردەوامدەبێت تاوەکو ڕۆژی شەممە، بەڵام شەوەکەی کۆتایی دێت.

کەشناسی ئەوەشی ڕونکردۆتەوە، بەھۆی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست ئاسمانی ھەرێم نیمچە ھەور دەبێت لەکاتی باران بۆ ھەوری تەواو دەگۆڕێت، لەڕۆژی شەممەشەوە بارستە ھەوایەکی سارد ڕوو لەھەرێم دەکات لەگەڵ بونی باران.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو بارستە ھەوا ساردە لەناوچە شاخاویەکان ئەگەری بەفر بارین زیاتردەکات، ھەروەھا بارستە ھەوایەکی خۆڵاویش ڕوو لەناوچەکەمان دەکات کە لەگەڵ باران تێکەڵدەبێت و لەباشوری ھەرێمی کوردستانیش کاریگەریەکەی وەکو خۆڵبارین دەردەکەوێت کە دەبێتە ھۆی کەمبونەوەی ئاستی بینین، بەڵام ئاستی ئەو خۆڵبارینە کەمترە لەچاو خۆڵبارینی پێشوو تر.

 

ئەوەش ڕاگەیەنراوە، “ڕۆژی یەکشەممە نزمە پاڵە پەستۆی دەریای ناوەڕاست کۆتاییدێت لەسەر ھەرێم، ئاسمان ساماڵ و پەڵە ھەور دەبێ”.

 

سه‌رچاوه‌: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی

…..

 

سوپاس بۆ فۆڵۆوكردنمان له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئینستاگرام: https://www.instagram.com/gerran.online