شه‌ش نیشانه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ هه‌بوونی به‌رد له‌ گورچیله‌كاندا

بەردی گورچیلە نەخۆشیەکی باوە لە کۆمەڵگای ئێستادا بەهۆی چەندین هۆکاری وەک زیادبوونی کێش، کەمی جوڵە و وەرزش، کەمی خواردنەوەی ئاو، زۆر خواردنی چەوری، خواردنەوە گازیەکان و چەند هۆکارێکی دیكه‌، دكتۆر کاردۆ حسن ژاژڵەیی پزیشكی پسپۆڕی كۆئه‌ندامی میز و میزه‌ڕۆ دیارترین نیشانه‌كانی به‌ردی گورچیله‌ ده‌خاته‌ ڕوو.

کاتێک بەرد لە گورچیلەدا دروست دەبێت لەسەرەتادا قەبارەکەی بچوکەو هیچ نیشانەیەکی هەست پێ ناکرێت. بەڵام لەگەڵ گەورەبوونیدا هەندێک نیشانە هەست پێ دەکرێت لەلایەن کەسی توشبووەوە کەبەپێی قەبارە و شوێنی بەردەکە
لەناوگورچیلەکەدا و ژمارەی بەردەکان دەگۆڕێت.

1- بوونی ئازارێک کە وەک قورساییەک جارجارە هەستی پێ دەکرێت لەکەلەکەدا و لەگەڵ گەورەبونی بەردەکەدا و دروست بوونی کاریگەری لەسەر دەرچونی میز لە گورچیلەکەوە و ئاوسانی گورچیلەکە ئازارەکە زیاد دەکات و کەسی توشبوو زیاتر ناڕەحەت دەبێت. ئەگەر لەگەڵ دروستبوونی ئازارەکەدا سەردانی پزیشکی تایبەتمەند بکرێت و پشکنین بکرێت ئەوا چارەسەرەکەی ئاسانە بەڵام ئەگەر کەسەکە ئازارەکەی پشتگوێ بخات و پشکنین نەکات ئەوا کاریگەری خراپی دەبێت و لەوانەیە ببێتە هۆی وەستانی گورچیلە.

2- بوونی خوێن لە میزدا و گۆرڕانی ڕەنگی میزەکە بۆ سوور.

3- بوونی لەرز و تا و دڵتێکەهەڵاتن و ڕشانەوە بەهۆی هەوکردنی گورچیلەکەوە.

4- بوونی بۆنی ناخۆش لە میزەکەدا .

5- کاتێک بەردەکە دەجوڵێت ئازارێکی لەنەکاو وبەهێز دروست دەبێت کە وا لەنەخۆشەکە دەکات نەتوانێت بەئارامی بمێنێتەوە و لەوانەیە ڕشانەوەی لەگەڵ دابێت و لەهەمان کاتدا ڕەنگی میزەکە سور دەبێت و زۆربەی کەس لەم کاتەدا پەنا بۆ پزیشک دەبات.

6-بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و سەرئێشەو بێهێزی بەهۆی کاریگەری لەسەر گورچیلەکە کاتێک گورچیلەکە لەکاردەکەوێت.

هەرکاتێک کەسێک یەکێک لەم نیشانانەی هەبوو دەبێت سەردانی پزیشک بکات و لەخۆیەوە دەرمان بەکارنەهێنێت بۆ ئەوەی بەدوور بێت لە کاریگەریە خراپەکانی بەردی گورچیلە.

SHOPPING CART

close