بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سلێمانی، وادەی کارپێکردنی کامێرا جێگیرەکانی چاودێریکردنی تیژڕەوی ئاشکرا دەکات و بەڕێوەبەری فەرمانگەکەش رایدەگەیەنێت: ژمارەی کامێرا گەڕۆکەکان لەناو شاردا زیاتر دەکەین.

عەمید فەرەیدون عومەر، بەڕێوەبەری گشتی ھاتووچۆی سلێمانی،  ڕایگەیاند: بەھۆی بوونی کێشەیەکەوە،پێناچێت لە ئایندەیەکی نزیکدا کامێرا جێگیرەکان بکەونەکار، بەڵام لەبەرنامەماندا ھەیە ژمارەی کامێرا گەڕۆکەکان زیاتر بکەین، چونکە کامێرامان ھەیەو دەتوانین ستافیان بۆ ئامادە بکەین.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کۆمپانیایەی ئەرکی دانانی کامێرا جێگیرەکانی پێ سپێردراوە، لەئێستادا سەرقاڵی چارەسەرکردنیەتی، بەڵام دیار نییە کەی دەکەونە کار.

لەبارەی داواکاری ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش کە ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی پارێزگای کردووە بۆ راگرتنی کارکردن بە کامێرا جێگیرەکانی ھاتووچۆ، تا ئەوکاتەی پاشەکەوتی موچە لادەبرێت، عەمید فەرەیدون عومەر وتی: ناکرێت کارێکی لەو شێوەیە بکەین و بەبیانووی باشنەبوونی باروگوزەرانی خەڵک، رێگە بدەین ئۆتۆمبێل بەخێرایی بڕوات.

راشیگەیاند:” ھەرچی ڕووداوی ھاتوچۆیە بەھۆی خێراییەوە ڕوودەدات، ئەگەر دەست لەوە بپارێزین و ئیش بەکامێراکان نەکەین، بەو مانایەیە ھانی ڕووداوی زیاتر دەدەین و ژیانی خەڵکیش دەکەوێتە مەترسییەوە”.

سه‌رچاوه‌: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی