پسپۆرێكی هەناوی و ڕۆماتیزم ڕایدەگەیەنێـت، سڕبوونی قاچ و دەست بەشێوەیەكی گشتی هۆكاری هیلاكی زۆرە، یان نیشانەیەكی خراپ بێت بۆ تیكچونی باری تەندروستی وەك جەڵدەی دڵ و مێشك بۆیە گرنگە هۆكارەكەی بزانرێت.
د. سۆران محەمەد غەریب ، پسپۆری هەناوی و ڕۆماتیزم بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، هەندێك جار مرۆڤ توشی كێشەی سڕ بوونی دەست وقاچەكانی دەبێت، رەنگە ماوەكەی لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە بگۆڕێت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی هۆكاری هیلاكی زۆرە.
وتیشی:”پەستانی دەمارە هەستەوەرەكان لەئەنجامی شێوازی كاركردنی رۆژانەوە دێت وەك وەستانی زۆر یان بەكارهێنانی مۆبایل و كۆمپیوتەر پاش ئەوەی پەستان دەكەوێتە سەر دڕكەپەتكی مرۆڤ ئەمەش وادەكات، كە بەباشی كاری خۆیان نەكەن بەمەش هەست بەسڕبون دەكرێت لەدەست و قاچدا”.
ڕاشیگەیاند، كەمی ئۆكسجینی خۆراك ئەگەر وەك پێویست خۆراك نەگاتە هەستەوەرەكان ئەوا دڕكە پەتك بەنیشانەی ئازار و سڕبوون لەدەست و قاچدا دروست دەبێت، ئەویش بەهۆكاری گیرانی مولولەی خوێنهێنەرەكان وەك بەرزی كۆلسترۆل یان چەوری كە هۆكاری سەرەكین بۆ جەڵدەی مێشك و دڵ.
د. سۆران محەمەد غەریب لە بارەی ڕێنمایەكان بۆ دوور كەوتنەوە لەو كێشەیە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، وەرزشكردن و رۆیشتن و مەلەكردن و خواردنی تەندروست بەشێوەیەكی رێكخراو لەژێر چاودێری چارەسەری سروشتی شارەزا تاكو بەدوربیت لەو كێشەیە.
خەڵك