لەسەر زیادكردنی دەوامی فەرمانگەكان پارێزگاری سلێمانی ڕونكردنەوە دەدات

پارێزگاری سلێمانی روونكردنەوە لەبارەی زیادكردنی دەوامی فەرمانبەران و نەهێشتنی تەناوب لەفەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتییەكان دەدات و راشیدەگەیەنێت: بەڕێوەبەرەكانمان لەبەكارهێنانی دەسەڵاتەكانیان سەرپشككردوەو دەبێ دوو ئامانج لە دەوامكردن ڕەچاو بكرێت.

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، بە SNNی ڕاگەیاند: بڕیارمانداوە لەڕۆژی یەكشەممەوە تا پێنجشەممە لەهەموو فەرمانگەیەكی حكومەتی هەرێم دەوامی فەرمی هەبێت و نابێت پشوو بێت، لەهیچ بەش و هۆبەیەكی ناو فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتییەكانیش نابێت ئیشی هاوڵاتی لەسەر مناوەبەو دەوام نەكردن و مۆڵەتی كەسێك بوەستێت، لەو چوارچێوەیەشدا دەسەڵاتی تەواومان داوەتە بەڕێوەبەری فەرمانگەكان، ئەو میلاكاتانەی هەیانە دابەشی بكەن بۆ جێبەجێكردنی ئەو دوو ئامانجە.

سەبارەت بەتەناوبی دەوامكردنی فەرمانبەرانیش، د. هەڤاڵ ئەبوبەكر جەختیكردەوە كە نابێت پشوو هەبێت و ڕوونیشیكردەوە، “ئەوەی گرنگە بەلای ئێمەوە ئیشی هاوڵاتیان نەوەستێت، بەڕێوەبەرەكانیش سەرپشككراون دەسەڵاتەكانیان بۆ هەردوو ئامانجی، یەكەم نەهێشتنی پشوو، دووەمیش ڕانەوەستانی كاروباری هاوڵاتیان بەكاربهێنن”.