karantina

پلانی دوای (16)ی مانگ بۆ هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆ ئاشکرا دەکرێت

ئەو وادەیەى وەزارەتى ناوخۆ بۆ قەدەغەى هاتوچۆ لە هەرێمى کوردستان درێژى کردەوە دو رۆژى ماوە، ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان پێشنیاز ئامادە دەکەن بۆ چۆنیەتى مامەڵەکردن لە دواى (16/4/2020) بۆ سوککردنى رێکارەکان و هەڵگرتنى کاتیى قەدەغەى هاتوچۆ.

به‌گێڕانه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی “سبه‌ی” بەپێى بەشێک لەو پێشنیازانە کە تایبەت دەستکەتووە، پێشنیازێک هەیە وەک قۆناغى یەکەم و لە رۆژى کۆتاییهاتنى وادە راگەیەندراوەکەى پێشو، لە (16/4) تا (1/5) بەشێوەیەکى ئەزمونى کۆمەڵێک رێکار بگیرێتە بەر گرنگترنیان هەڵگرتنى قەدەغەى هاتوچۆیە لەناو خودى شار و شارۆچکەکان رۆژانە لە سەرلەبەیانییەوە تا سەعات (6:00)ى ئێوارە و لەو کاتەوە تا (12:00)ى شەو قەدەغەى هاتوچۆ پەیڕەو بکرێتەوە.

هاوکات پێشنیازکراوە کە شەوانە لەدواى سەعات (12:00) تا بەرەبەیان، هاتوچۆى نێوان شارەکانیش بکرێتەوە، بەڵام تەنها بە رێگەپێدانى لایەنى پەیوەندیدار و بۆ کارى بازرگانى و کشتوکاڵ.

ئه‌وه‌ش زانراوه‌ بەشێکى دیکە لە پێشنیازەکان بۆ ئەو ماوەیە دەستپێکردنەوەى دەوامە لە دامەزراوەکانى حکومەت، بەڵام بەشێوەیەکى سنوردار و بە رەچاوکردنى رێکارەکانى خۆپارێزى و رێنماییەکانى تەندروستى بۆ راییکردنى مامەڵەى هاوڵاتیان، هاوکات لەو ماوەیەدا هەمو ئەو شوێنانەى لە ئێستادا رێگەیان پێدراوە لە گەڕەکەکان بکرێنەوە وەک خۆى بەردەوام دەبێت.

بەپێى زانیارییەکان لایەنە پەیوەندیدارەکان جەخت لەوە دەکەنەوە تا سەرەتاى مانگى ئایار بە هیچ شێوەیەک خوێندگە و زانکۆکان ناکرێنەوە و رێگە بە پرسە و بۆنە کۆمەڵایەتى و ئاینیەکان و کردنەوەى یانەکان و فڕۆکەخانە و خاڵە سنوریەکان و مزگەوتەکان نادرێت تاوەکو (15/5/2020)، ئەمە وەک قۆناغى دوەمى ئاساییکردنەوەى دۆخەکەیە کە جگە لەو شوێنانە رێگە بە کردنەوەى هەمو ئەو شوێنانە دەدرێت کە ئێستا داخراون.

هاوکات لە سەرچاوەی تایبەت و ئاگادارەوە ئەوەش زانجراوه‌ لە ئەگەرى سەرکەوتنى ئەو دو قۆناغە و سەرکەوتن بەسەر پەتاى کۆرۆنا و زیادنەبونى ژمارەى توشبوان، لە ناوەڕاستى مانگى ئایاردا بیر لە کردنەوەى هەمو ئەو ناوەندانەش دەکرێت.

SHOPPING CART

close