خشتەی پێدانی كارەبای نیشتیمانی بۆ ڕۆژانی جەژن ڕاگەیەنرا

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم رونكردنەوە لەبارەی ماوەی پێدانی كارەبای نیشتمانی بەهاوڵاتیان لەرۆژانی جەژنی قورباندا دەدات و بەرپرسێكی ئەو وەزارەتەش ڕایدەگەیەنێت، چاوەڕواندەكرێت بۆ رۆژانی جەژن ماوەی پێدانی كارەبای نیشتمانی بەهاوڵاتیان زیاتر بكرێت.

ئومێد حەمە عەلی بەرێوەبەری كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم كە هاوكات وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمیشە بەوەكالەت بەSNNی ڕاگەیاند: لەماوەی چەند رۆژی رابردوو چەند گرفتێكمان هەبووە، بەڵام بەهەوڵی تیمەكانمان توانراوە ئەو كێشانەی كەهەبوون چارەسەربكرێن و لەئێستادا توانراوە دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە.
ئاشكراشیكرد، ماوەی چەند ڕۆژێكە  بەهۆی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرماوە 350مێگاوات خواست لەسەر زیادبوونی كارەبا زیادیكردووە،  چەند تیمێكیش بەردەوام لەئەركدان تابتوانرێت هەر گرفتێگ لەئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لەبەنداوی دووكان و دەربەندیخاندا هەبێت چارەسەری بكەن.
رونیشیكردەوە، لەئێستادا رۆژانە 15 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بەهاوڵاتیان دەدرێت، بەڵام لەرۆژانی جەژندا بەشێكی زۆری  فەرمانگە حكومیەكان و دەزگا و دامەزراوەكان  دەوامیان نییەو لەهەمانكاتدا بازاڕو ناوچە پیشەسازییەكان كار ناكەن، ئەوەش لۆدی سەر كارەبا كەمتردەكاتەوە و ئەو بڕە كارەبایەی بۆ ئەو شوێنانە دابیندەكرێت دەگەڕێندرێتەوە و بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەكرێت.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كارەبا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، “لەئێستادا پێدانی كارەبای نیشتمانی بەرارد بەمانگی ڕابردوو تاڕادەیەك كەمیكردووە، بەڵام هەوڵدەدەین ئەو كێشانەی كە هەبووە چارەسەربكرێن و بتوانرێت ماوەی پێدانی كارەبای نیشتمانی زیاتر بكرێت”.

بڵاوی بكه‌ره‌وه‌ له‌:

سه‌به‌ته‌ی كڕین

close