کەمخەوی دەبێتەھۆی وشکبوونەوەی جەستە

پزیشکانی ئەمریکی لە نوێترین توێژینەوەیاندا رایدەگەیێنن، ئەو کەسانەی کەمخەون، بەھۆی تێکچوونی ھاوسەنگی ھۆرمۆنەکان، بەدرێژایی رۆژ زۆرتر تووشی وشکبوونەوەی جەستە دەبن.

پزیشکە ئەمریکییەکان لە زانکۆی پەنسیلڤانیا لە توێژینەوەکەدا، لە کاریگەری ماوە و کواڵێتی خەوتنییان لەسەر تەندروستی بەگشتی کۆڵیوەتەوە و ئەنجامی توێژینەوەکەشیان لە جۆرناڵی (Sleep) بڵاوکردوەتەوە.

د. ئەشێر رۆسینجێر، پرۆفیسۆر لە زانکۆی پەنسیلڤانیا و یەکێک لە ئەنجامدەرانی توێژینەوەکە دەڵێت، ” کاتێک کەسێک بۆماوەی شەش کاژێر یان کەمتر دەخەوێت، ھاوسەنگی ھۆرمۆنی ( ڤازۆپرێسین) لە جەستەیدا تێکدەچێت و سەرەنجام وشکبوونەوەی جەستەی لێدەکەوێتەوە و ھەرئەمەش وادەکات کەسەکە ھەست بە بێھێزی و شەکەتبوون بکات. “

توێژینەوەکەی پزیشکە ئەمریکییەکان لەسەر ٢٠ ھەزار کەس ئەنجامدراوە، دوای شیکردنەوەی داتاکان، پزیشکە توێژەرەکان بۆیاندەرکەوتووە، ئەوانەی شەوانە شەش کاژێر یان کەمتر دەخەون، مەترسی وشکبوونەوەی جەستەیان بەرێژەی %٦٩ زیاترە بەبەراورد بەوانەی شەوانە ٧-٨ کاژێر دەخەون.

پزیشکە ئەمریکییەکان رێنماییدەدەن شەوانە ٧-٨ کاژێر بخەون، و بەدرێژایی رۆژ ئاو خواردنەوە لەبیرنەکەن.

بڵاوی بكه‌ره‌وه‌ له‌:

سه‌به‌ته‌ی كڕین

close