جۆرێکی ڤایرۆسی کۆرۆنای “ترسناک” بەهۆی ئاژەڵێکەوە لە دانیمارک سەرهەڵدەدات

جۆرێکی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دانیمارک لە ئاژەڵی مینکدا دۆزراوەتەوە کە لەو جۆرەی ئێستا هەیە ترسناکترە و دەکرێت بۆ مرۆڤیش بگوازرێتەوە.

دوای ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە مرۆڤەوە بۆ ئەو ئاژەڵە گوێزراوەتەوە، لەنێو لاشەی ئاژەڵەکەدا چەند گۆڕانکارییەکی بەسەردا هاتووە و وایلێهاتووە بەهێزتربێت. واتە ئەگەر ئەو کەسانەی لەشیان بەرگریی دژی کۆرۆنا پەیداکردووە تووشی ئەم جۆرە نوێیە ببن، بەرگرییەکەیان ناتوانێت دژی بوەستێتەوە، چونکە پێکهاتەی ڤایرۆسەکە جیاوازە و لەشی مرۆڤ پێویستی بەوە دەبێت دژە تەنی نوێ دژی دروستبکات.

هەروەها یەکێکی دیکە لە مەترسییەکان ئەوەیە، تەنانەت ئەگەر ئەو ڤاکسینانەی کە ماوەی نزیکەی ساڵێکە کاریان لەسەر دەکرێت ئامادەش بن بۆ بەکارهێنان، هیچ سوودیان دژی ئەو جۆرە نوێیەی کۆرۆنا نابێت، چونکە شێوەی ڤایرۆسە نوێیەکە جیاوازە و پێویستە لە سەرەتاوە لێکۆڵینەوەی لەسەربکرێت و بەگوێرەی ڤایرۆسەکە ڤاکسینێک دروستبکرێت.

مێت فرێدریکسن، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک رایگەیاند، نەخشەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە وڵاتەکەی نیشانیدەدات ئەو ڤایرۆسەی لە لەشی 12 لە تووشبووەکاندا دۆزراوەتەوە، جۆرێکی جیاوازی کۆرۆنایە و لە ئاژەڵی مینکەوە بۆیان گوێزراوەتەوە.

بەگوێرەی ماگنوس هیونیک، وەزیری تەندروستیی دانیمارک، زیاتر لە 370 کەس لە باکووری ئەو وڵاتە ڤایرۆسەکەیان لەو ئاژەڵەوە بۆ گوێزراوەتەوە.

هەروەها وەزیری تەندروستیی ئەو وڵاتە دەشڵێت، ڤایرۆسەکە “زۆر، زۆر مەترسیدارە. ئەو ڤایرۆسەی کە لە ئاژەڵی مینکدا دروستبووە دەتوانێت ئەنجامی وێرانکەری بۆسەر تەواوی جیهان هەبێت”.

مینک ئاژەڵێکی شیردار، گۆشتخۆر و تووکدارە. تووکەکەی گرانبەهایە و لە دروستکردنی جلوبەرگدا بەکاردێت و دانیمارکیش یەکێکە لە وڵاتە هەناردەکارە سەرەکییەکانی تووکی ئەو ئاژەڵە لەسەر ئاستی جیهان.

لە دانیمارک چەندین کێڵگەی تایبەت بە بەخێوکردنی ئاژەڵی مینک هەیە و ساڵانە 17 ملیۆن کەوڵی ئەو گیاندارە هەناردەی دەرەوە دەکات.

40%ی تووکی مینک لە جیهاندا لە دانیمارک هەناردە دەکرێت و چین و هۆنگ کۆنگیش گەورەترین هاوردەکاری ئەو بەرهەمەن.

نیگەرانییەکانی ڤایرۆسە نوێیەکە حکومەتی دانیمارکی ناچارکردووە کە 15 ملیۆن دانە لەو گیاندارە بکوژێت، ئەمەش بەگوێرەی حکومەتی ئەو وڵاتە، بایی 785 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی زیان لە ئابووریی وڵاتەکەیان دەدات.

مۆجینز یێنسن، وەزیری خۆراکی دانیمارک رایگەیاند، ڤایرۆسە نوێیەکە لە 207 کێڵگەی بەخێوکردنی گیانداری مینکدا بڵاوبووەتەوە، ئەوە لەکاتێکدایە کە تەنیا مانگێک لەمەوبەر تەنیا لە 41 کێڵگەدا بڵاوبووبوویەوە.

حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاریداوە کە جووتیارەکانی قەرەبوو بکاتەوە لەبەرامبەر لەنێوبردنی ملیۆنان دانە لەو گیاندارە.

مانگێک لەمەوبەریش، میدیای ئەمریکا رایگەیاند، هەزاران دانە لەو گیاندارانە لەویلایەتەکانی یوتاو ویسکۆنسن بەهۆی تووشبوونیان بەکۆرۆنا مردوون.

ژێدەر: رووداو

سەبەتەی کڕین

close