مووچه‌

دڵنیایی به‌فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم ده‌درێت .. تایبه‌ته‌ به‌موچه‌

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران په‌یامێكی‌ دڵنیایی به‌فه‌رمانبه‌ران و موچه‌خۆران ده‌دات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، “هیچ كه‌سێك ناتوانێت یاری‌ به‌قوت و ژیانی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمه‌وه‌ بكات”، جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، “له‌ئه‌گه‌ری‌ ڕاده‌ستنه‌كردنی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمیش موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران گره‌نتی‌ كراوه‌و ده‌گاته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان”.

كاتژمێر 10ی‌ سه‌رله‌به‌یانی‌ رۆژی 17ی‌ 3ی‌ 2019 وه‌فدێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران و به‌یاوه‌ری‌ ژماره‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانتاران و سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنه‌كان سه‌ردانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانیان كردو دواتریش كۆنگره‌یه‌كی‌ ڕۆژنامه‌وانیان سازكرد.

له‌و كۆنگره‌یه‌دا كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ئازاد محه‌مه‌د سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن و د.به‌شیر خه‌لیل حه‌داد جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌شدارییان كرد، ئازاد محه‌مه‌د وتی‌:”پێویستیه‌كانی‌ سلێمانی‌ به‌نوسراوێك ئاراسته‌ی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌كه‌ین و بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ به‌غداوه‌ بۆمان جێبه‌جێبكرێت”.

له‌به‌رامبه‌ریشدا د.به‌شیر حه‌داد به‌ڕۆژنامه‌نوسانی‌ ڕاگه‌یاند، “ئه‌و داواكاریانه‌ی‌ سلێمانی‌ هه‌یه‌تی‌ و تایبه‌ته‌ به‌به‌غدا، ده‌گه‌یه‌نین و داكۆكیشی‌ لێده‌كه‌ین و ته‌ئكیدمان كردۆته‌وه‌ هه‌رچیان هه‌یه‌ به‌نوسراو بۆمان ڕه‌وانه‌ بكه‌ن”.

له‌په‌یامێكیشدا سه‌باره‌ت به‌موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران و مه‌ترسیه‌كانی‌ نه‌ناردنی‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ د.به‌شیر جه‌ختیكرده‌وه‌، “گره‌نتی‌ موچه‌و بژێوی‌ ژیانی‌ هاوڵاتیان ئه‌وه‌یه‌ له‌ناو یاساو بودجه‌ جێگیركراوه‌و هیچ مه‌ترسیه‌ك نه‌ماوه‌و كه‌سیش ناتوانێت به‌میزاجی‌ خۆی‌ قوتی‌ هاوڵاتیان ببڕدرێت و یاری‌ پێوه‌ بكات”.

ئه‌وه‌شی‌ وت:”نه‌ناردنی‌ نه‌وتیش له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ نابێته‌ كێشه‌ بۆ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران، چونكه‌ ئه‌وه‌ به‌یاسا جێگیركراوه‌و موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ ده‌گاته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان”.

SHOPPING CART

close