oil price

سەرچاوەكانی هێنانی سوتەمەنی زیادكرا…نرخی بەنزین دادەبەزێت

هەوڵەكان بۆ زیاتر كەمكردنەوەی نرخی بەنزین لە سلێمانی بەردەوام دەبێت و پارێزگاری سلێمانیش دەڵێت، سەرچاوەی هاوردەكردنی سوتەمەنی زیادكراوەو قۆڕخكاریمان نەهێشتووە، هەوڵێكیش بۆ هاوردەكردنی بەزین لەبەغداو فرۆشتنی بەهەمان نرخی شارەكانی دیكەی عیراق ئاشكرا دەكات.

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لەلێدوانێكدا ڕایگەیاند: داوامان كردووە بڕیارێك لەئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە بدرێت كە هەرێمی كوردستانیش مافی دەستوری خۆیەتی هاوشێوەی هەموو پارێزگاكانی تری عیراق سوتەمەنی پشتیوانیكراوی بۆ بنێردرێت.

وتیشی: بۆئەوەش لەگەڵ سەرۆك كۆمارو سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزارەتی نەوت لە هەوڵداین، بۆ ئەوەی بتوانین ئەوە ببێت بەبڕیار و وەكو هەموو پارێزگاكانی دیكەی عیراق، سوتەمەنی پشتیوانیكراو بۆ هەرێمی كوردستان بنێرن.

جەختی لەوەشكردەوە، ئەگەر بەغدا بەنرخی پشتیوانیكراو بەنزین بنێرێت، نرخەكەی هاوشێوەی شارەكانی تری عیراق دەبێت، كە 450 دینارە بۆ هەر لیترێك.

سەبارەت بەزیاتر دابەزینی نرخی بەنزینی بازرگانی، هەڤاڵ ئەوبەكر ڕایگەیاند:هەموو كارئاسانییەكمان بۆ بازرگانەكان كردووەو سەرچاوەكانی هێنانی سوتەمەنی زیادكراوەو هیچ قۆڕخكارییەكمان تێدا نەهێشتووە، هەركەسێكیش داوای هێنانی سوتەمەنی بكات، بەمەرجێك كوالیتییەكەی ئەو كوالیتییە بێت كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دیاریكردووە، ڕێگەی پێدەدەین، بۆیە ئومێد دەكەین لەو نرخەی ئێستا زیاتر دابەزێت.

ژێده‌ر: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی

SHOPPING CART

close