ھۆكاری رەبۆ دەگەرێتەوە بۆ سەختی تێپەربوونی ھەوا بەناو بۆری و بۆرێچكەكاندا،ئەمەش دەبێتە ھۆی ئاوسان و سوربونەوەی لینجە پەردەی بۆری ھەوا وە دەردانی لینجە مادەكان زیاد دەكات لەناو بۆرییەكاندا .. تێپەربوونی ھەوا بەم رێرەوە تەسكەدا دەبێتە ھۆی دروستبووني دەنگێك .. وە دوبارەبونەوەی ئەم حاڵەتە لە نەخۆشەكەدا ناوبەناو دەردەكەوێت، دەكرێت ماوەی نێوان نۆبەكان زۆر بێت یان كەم، وە ئەم حاڵەتە باش دەبێت بەشێوەیەكی خودكار یاخود چارەسەر.
كەمتەرخەمی نەخۆش بەرامبەر بە بەكارھێنانی چارەسەرەكانی،خۆی توشی كەمی ھەناسەدان دەكات، بەھۆی كەمی ئۆكسجین لە خوێندا ئەمەش لە ئەنجامی ئەو رێگریانەی كە لەكاتی ھەناسەداندا دروست دەبێت كە ھەوایەكی كەم دەگات بە بۆری ھەواو سیكلدانۆچكەكان.
ھەندێ جار رێژەی دوانە ئۆكسیدی كارربۆن لە خوێندا زیاد دەكات و دەبێتە ھۆی زیادبونی گرفت لە نەخۆشەكەدا..لەوانەش ئاوسانی سییەكان وە لەدەستدانی توانای جیری شانەكان، ھەوا لە سییەكاندا كەڵەكە دەبێت، بەمەش قەبارەی سییەكان زیاد دەكات. لە (emphysema) دا نەخۆشەكە ھەست بە قورس بوونی ھەناسەدانی.
ھەندێك جار ئەم قورسبونی ھەناسەدانە بەشێوەیەكی كتوپر روودەدات ھۆكارەكەشی نۆبە (نۆرە)یەكی تازه نييه لە نۆبەكانی نەخۆشييەكە بەڵكو ھۆكارەكەی شیبونەوەی سیكڵدانۆچكەیە لە بەشێکی سییەکان لەگەڵ كەڵەكەبونی ھەوا.. ئەمەش لەو حالەتانەیە كەپێویستی بە فریاگوزاری خێرا ھەیە بەتایبەتی ئەگەر گرژبوونی سییەكانی لەگەڵدا بوو.
زۆر روودانی نۆبە(نۆرە)ی رەبۆ دەبێتە ھۆی زۆر روودانی رەبۆی درێژخایەن بەمەش پەستانی خوێن بەرز دەبێتەوەو دەبێتە ھۆی بەرزبوونی پەستان لە خوێنبەرەكانی سیدا،وە بە شکستی دڵ كۆتایی دێت.نيشانەكانی رەبۆ ھۆكاری زۆری ھەیە،مەرج نییە ھۆكاری ھەموو حاڵەتێكی رەبۆ ھەستیاری بێت.
ھۆکاری ھەموو ئەمانەش لە دەرئەنجامی خێرا وەڵامدانەوەی شانەكانە كاتێك كە بەركەوتەی جەستە زیاد دەكات لەگەڵ ھۆكاری تووشبوون ئەمەش وا دەكات كە شانەكان بەشێوەیەكی نائاسایی وەڵام بدەنەوە، لێرەدا خانەكان بەرووی ناوچە تووشبووەكەدا دەكرێنەوە وە دەردراوێكی شلی ئاوی بەناو شانەكاندا دەردەدەن بەتایبەتی ئەگەر ھەستیارییەكە لە بۆری ھەوادا بێت،یاخود لەبەشی سەرروەی كۆئەندامی ھەناسەدا بێت.
ھۆكارەكانی روودانی رەبۆ
روودانی نەخۆشییەكە(رەبۆ)بۆ زۆر ھۆكار دەگەرێتەوە كە دەكرێت ھۆكارێك یان زیاتر بێت .ئەم ھۆكارانەش لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگۆرێت ..دەكرێت لەنەخۆشێدا زیاتر لەھۆكارێك ھەبێت، حاڵەتی روودانی رەبۆ بەھۆی ھۆكارێكی دیاریكراو نیشانەكانی تێدا دەردەكەوێت پاش بەركەوتن لەگەل ھۆكارەكە.. ئەم حاڵەتەش دەكرێت بە تەواوی كۆتایی پێبھێنرێت لەرێگەی دووركەوتنەوە لە ھۆكاری نەخۆشییەكە.. زۆر ھۆكار ھەیە بۆ تووشبوون بە رەبۆ ھەندێكیان ھۆكاری دەرەكین، واتە لەدەرەوەی جەستەی مرۆڤ، وە ھەندێكیان ھۆكاری ناوەكین، واتە لە ناوەوەی جەستەی مرۆڤ.
ھۆكارە دەرەكییەكان
١-خواردنی ھەندێك جۆری خۆراك لەوانەش(ماسی،هێلكە،مۆز،كاكاو….هتد.
٢-هەستیاری لە رێگەی بۆنكردن،وەكو بۆنی خۆراك،وە ھەندێك جۆری حەشیش،دارخورما،گوڵ،بۆن(عەتر)، هەر لەبەر ئەوەشە كە بەزۆری لە بەھاراندا رەبۆ سەرھەڵدەدات.
٣-ھەستیاری دژ بە تەپوتۆزی رێگەوبان و ماڵەوە،وە بۆنی گیانلەبەرە قرتێنەرەكان كە لە ماڵ و كێڵگەكاندا بەخێو دەكرێن.ھەستیاری دژ بەو کەرووانەی کە لە ھەوادا ھەن ھەروەھا کەشی ماڵەوە..ھەستیاری دژ بە بۆنی جگەرە و دوکەڵ ھەستیاری بە بۆنێکی ناخۆش یان بۆگەن بە ھۆی نەبوونی پاك و خاوێنی لە ھەندێک کەسدا وە دوکەڵی کارگەکان بۆنی گیاندرە ماڵیەکان وەك و سەگ و پشیلە..بۆنی کۆترو باڵندەکان لە ماڵەوە یاخود لە فرۆشگاکان.
٤-بەکارھێنانی ھەندێک دەرمان کە دەبێتە ھۆی رەبۆ کە ئەمەش لە ھەستیاریەوە سەرچاوەی گرتووە دژ بە دەرمانەکە ،گرنگترینیان ئەمانەن :-حەپی ئەسپرینپەنسلین و ھەندێک دژە بەکتریای دیکە….
٥-رەبۆ دەکرێت رووبدات بەھۆی ھەستیاری لە کاتی ئیش و کاردا.. بۆ نمونە بەرکەوتنی نەخۆش لەگەڵ ھەندێک ماددە کە دەبنە ھۆی ھەستیاری لە بۆری و بۆرێچکەکانی ھەوادا،جیاوازی ھەیە لە نێوان ھۆکارەکانی روودانی ھەستیاری لە کەسێکەوە بۆ کەسێکیتر .ھەر بۆیە دەبێت ھەموو رێکارە بە بەردەستەکان بگیرێتەبەر بۆ دەستنیشان کردن و دیاریکردنی ھۆکارەکە و پاشان دورخستنەوەی ھۆکارەکە وە چارەسەرکردنی نەخۆشیەکە.
ھۆکارە ناوەکیەکان:
١-دڵەراوکێ (قەلەقی) ترسی قوتابی لە شکست لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا،یەکێکە لە ھۆکارە سەرەکیەکانی دەرکەوتنی نۆبەکانی رەبۆ یاخود قورسبوونی حاڵەتەکەی.
٢-ھەبوونی نەخۆشی لە بەشی سەرەوەی کۆئەندامی ھەناسە بۆ نمونە :– ھەوکردنی لوت-ھەوکردنی قورگ و گەروو-گەورەبوونی لەوزەتێنەکان -بوونی گۆشتی زیادە لە لوتدا -ھەوکردنێکی بەھێز یاخود درێژخایەن لە گەروودا-ھەوکردنێکی زۆر لە بۆرێچەکەکانی ھەوا -دوبارە سەرھەڵدانەوەی ھەوکردنەکە لە بۆری ھەوادا.
٣-مشەخۆرەکانی ریخۆڵە لە منداڵاندا..ئەم مشەخۆرانە ژەھر دەردەدەن لە ریخۆڵەکاندا،دواتر خوێن ھەڵیدەمژێت دەبێتە ھەستیاری بۆرێچەکەکانی ھەوا، ئەمەش دەبێتە ھۆی رەبۆ..
٤-نەخۆشییەکانی سی وەك(سیل-pleural effusion ).٥-جگەرە کێشان-نێرگەلە کێشان…ھتد. ھەموو ئەمانە لە دیارترین ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی رەبۆن.
نیشانەکانی رەبۆ
١-نەخۆشەکە ھەست بە کورت بوونی ھەناسەی دەکات لە ھەر حاڵەتێکی دەرکەوتنی رەبۆ، وە نەخۆشەکە ھەوڵێکی زۆر دەدات بۆ ھەناسەدان.
٢-ھەندێ جار ئەم نۆبەیە درێژە دەکێشێ دەبێتە ھۆی شینھەڵگەرانی روخسار.. نینۆکەکان .. لێو .. لەم حاڵەتەدا نەخۆشەکە پێویستی بە فریاگوزاری خێرا دەبێت، بۆ چارەسەری بەپەلەو گونجاو..ھەندێ ئامۆژگاری گرنگ و راوێژی گونجاو بۆ توشبوانی رەبۆ:
١- لابردنی ھەرشتێك یاخود ھەر بەربەستێك کە دەبێتە ھۆی روشانی بۆری ھەوا.
٢- وازھێنان لە جگەرە بۆ ھەمیشە و نەگەرانەوە بۆی.
٣- بوونی متمانەو پەیوەندییەکی باش لە نێوان نەخۆش و پزیشك بە ھۆکاریکی گرنگ دادەنرێت لە چارەسەرکردنی نەخۆش، وە پێویستە لەسەر نەخۆش پابەندی رێنمایە پزیشکییەکان ببێت.
٤- نەخۆشی راراو دودڵ و بێئۆقرە کە بەبەردەوامی چارەسەر یاخود پزیشکەکەی دەگۆرێت ،چاوەرێی باشبوونیان لێناکرێ.
٥- ئەو نەخۆشانەی کە بە رێکوپێکی چارەسەرەکانیان وەرناگرن تەنھا لە کاتی پێوستدا نەبێت،ئەمانەش بە ھەمان شێوە، چاوەرێی باشبوونیان لێناکرێ.
٦- نەخۆشی گوێرایەڵ کە بە وردی رێنمایە پزیشکیەکان جێبەجێدەکات ،دەتوانێت بە ئاسانی کۆنترۆڵی نەخۆشیەکەی بکات.
٧- دوورکەوتنەوە لە تەپ و تۆزو شوێنە نەگونجاوەکان بە پێی توانا.
٨- دوورکەوتنەوە لە زۆر خۆری پێش نوستن.
٩- نوستن لە ژوورێکی گونجاو ، کە کەلوپەلی کەمی تێدا بێت و تەنھا ئەو کەلوپەلانەی تێدا بێت کە پێویست و سەرەکین..وە دەبێت جێگای نوستنەکەش بدرێتە بەر تیشکی رۆژ.
١٠- کەسانی توشبوو بە نەخۆشی رەبۆ ئارەزووی خواردنی ژەمی سوک دەکەن لەگەڵ شلەمەنی زۆر.وە زۆر خواردنی شلەمەنی بە ھۆکارێکی یارمەتیدەر دادەنرێت لە کردنە دەرەوەو فرێدانی بەڵغەم.
١١- نابێت نەخۆشەکە لە کەشێکی گەرم و گونجاوەوە بگوازرێتەوە بگوازرێتەوە بۆ کەشێکی سارد.
١٢- بەکارنەھێنانی دەرمانی کپکەرەوەی کۆکە لەبەر ئەوەی بەڵغەمەکە جێگیر دەکات و رێگەنادات بێتە دەرەوە.
١٣- (bronchodilator ) ئەو دەرمانانەی کە دەبنە ھۆی فراونبونی بۆری ھەوا گرنگن بەڵام: بەکارھێنانی دەرمانەکانی (Adrenaline , cortisone ) بەرێژەیەکی مام ناوەند لەبەر ئەوەی زیانیان دەبێت بۆ جەستە.بەڵام (Bronchodilator ) نوێکان زیانی لاوەکیان کەمترە.
١٤- وەرزشکردن بە شێوەیەکی گونجاو وە گرنگترینیان رۆشتن بە پێیە،بە پێی توانای نەخۆشەکە، لە کەش و ھەوایەکی لەبارو گونجاو نەك سارد.وەرزشکردن دەبێتە ھۆی فراونبوونی سییەکان کە ئەمەش دەبێتە ھۆی نەمانی دڵەراوکێ.
١٥- ئامۆژگاریەکی زۆر گرنگ :ئەگەر نەخۆشەکە توشی نۆبەیەکی قورس ھات کە پێشتر بەسەری نەھاتبێ، یاخود ئەگەر نۆبەکە درێژەی کێشا یان ئەگەر ئازارێکی توندی سنگی لەگەڵدا بوو یانیش ئەگەر شینبوونی لێوەکانی لەگەڵدا بوو. پێویستە بەبێ بوونی ھیچ دوودڵییەك راستەوخۆ سەردانی پزیشك بکات وە داخڵی نەخۆشخانە ببێت ،لە بەرئەوەی حاڵەتەکە پێویستی بە فریاگوزاری خێرا ھەیە وە نەخۆشەکە پێویستی بە ئۆکسجین ھەیە ،لەوانەیە پێویست بە گرتنەبەری ھەندێ رێوشوێنی تری پزیشکی بکات.
١٦- زانست ھەموو رۆژێك چارەسەرەرێکی نوێ دەخاتە بەردەست،وە چەندین دەرمان ھەن کە کاریگەری لاوەکی دەرمانەکانیتر بەلاوە دەنێن .. بوونی دەرمانی (Antihistamine ) ھۆکارێکی دڵخۆشکەرە بۆ زۆربەی حاڵەتەکان، لەبەر ئەوە پێویست بە ھیچ ترس و دڵەراوکێیەک ناکات سەبارەت بە ھەستیاری بۆری و بۆرێچەکەکانی ھەوا.