sfray ramazan

10 رێگە بۆ پاراستنی تەندروستی جەستە لەڕێی مانەوە لە ماڵەوە لەمانگی رەمەزاندا

لە مانگی رەمەزان بەهۆی گۆڕانکاری لە رۆتینی رۆژانە و سیستمی خۆراکی، مانەوە بەبرسێتی تینوێتی بۆ ماوەیەکی زۆر، رەنگە کاتەکان ئاسان تێنەپەڕن، هەروەها ئەنجامدانی چەند هەڵەیەک لە سیستمی خۆراکی و چالاکی رۆژانە دەکرێت زیاتر ماندوت بکات، هەردو بەرنامەی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق و به‌رنامه‌ى خۆراكى جیهانى لە عێراق 10 رێگەیان ئامادەکردوە بۆ ئەوەی لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا لەکاتی مانەوەمان لە ماڵەوەدا تەندروست و لەش رێك بین.

دەستەکانت ناو بە ناو بشۆ

بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا باشترین کار بۆ رێگری بریتیە لە شوشتنی دەستەکانمان ناو بە ناو بە ئاو و سابون، یان پاکژکاری دەست بەکاربێنە، هەروەها هەوڵبدە ئەو کەلوپەلانەی زو زو دەستت بەریان دەکەوێت پاکژیبکەرەوە، وەک مۆبایل و کلیل و دەستی دەرگا، بەم شێوەیە خۆت و کەسانی تر لەم نەخۆشیە دەپارێزیت.

بەردەوام با نزیکەی 1 مەتر دوربیت لە کەسانی دیکەوە

ڤایرۆسی كۆرۆنا لەڕێگەی تەنۆلکەکانی پژمین و کۆکە و قسەی کەسانی توش بوەوە دەگوازرێتەوە، ئەم تەنۆلکانە لەسەر خەڵكی دەنیشنەوە یان لە ڕێگەی هەناسەدانەوە دەچنە ناو لەش، کەواتە بۆ پاراستنی خۆت بە دوری 1 مەتر دوربە لە کەسانی دیکە لە بازاڕ و مارکێت و دەرەوە و بانک و شوێنە گشتیەکاندا، “بەدورگرتنی جەستەی” زیاتر کاریگەرە ئەگەر لەماڵەوە بمێنتەوە و چوونەدەر کەمتر بکەیتەوە.

پارشێو و بەربانگی تەندروست بخۆ

حەزکردن لە خواردن و شیرینی لە مانگی ڕەمەزاندا زیاد دەکات. بەڵام بۆ پڕکردنەوەی وزەی لەدەستچوی ڕۆژەکەت، دەبێت سەوزە و ڤیتامین و خۆراکی بەسود و پرۆتین و ریشاڵ بە بڕێکی گونجاو و تەندروست بخۆیت، بە کورتی، هەوڵبدە بەدور بیت لە خۆراکی سورکراوە و لەقوتونراو کە شەکر و چەورییان زۆرە، چێژ لە ژەمەکانت ببینە و بۆ ئەوەی زۆر نەخۆیت، بە خاویی نان بخۆ، پاش نان خواردنیش دەستەکانت بشۆ.

ئاو و شلەمەنی پێویست بخۆرەوە

ئاوی زۆر بخۆرەوە لە نێوان بەربانگ و پارشێودا، پلەی گەرمی بەرزدەبێتە هۆی ئەوەی زوو ئاو و شلەمەنی لەدەست بدەین، کەواتە گرنگە ئەو شلەمەنیەی لە ڕۆژدا لەدەستمانداوە پڕ بکەینەوە، بەلایەنی کەمەوە 10 پەرداخ بخۆرەوە، هەروەها دەتوانیت ڕێژەی ئاو خواردنەوەت لە ڕێی خۆراکە تەڕەکانەوە زیاتر بکەیت، هەوڵبدە لە پارشێودا شوتی بخۆیت، یان وەکو شیرینی لە بەربانگدا بیخۆیت.

هەرگیز پارشێو لەیاد مەکە

پارشێو بریتیە لە ژەمێکی سوك لە سەرەتای ڕۆژودا، هەوڵبدە لەدەستی نەدەیت، “ئەم ژەمە کە دەکرێت پێك بێت لە سەوزە و کاربۆهیدرایت وەکو نان و سەمون و خۆراکی پڕ پرۆتین وەکو بەروبومی شیر (سوێر نەبێت) لەگەڵ یان هێلکە، با ئەم ژەمەت تەندروست و گونجاو بێت.

لە ماڵەوە وەرزش بکە

بۆ ئەو کەسانەی تەمەڵییان کردوە یان ترساون لە ڕەمەزاندا وەرزش بکەن، زۆر تەندروست و گونجاوە بە ڕۆژوەوە وەرزش بکەیت، کەواتە لەم مانگەشدا مەوەستە لە وەرزش کردن، بە پێچەوانەوە وەرزش کردن یارمەتیدەرە لە کۆنتڕۆڵکردنی کێشی جەستە و وزەدا، بەڵام دەبێت کاتەکانی وەرزشەکەت بگۆڕیت و بە شێنەیی لە کاتێکدا ئەنجامیان بدەیت کە گونجاو بیت بۆت، لەگەڵ پابەندبونت بە قەدەغەی هاتوچۆوە کە لە شوێنەکەتدا سەپێنراوە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، بۆ پاراستنی خۆمان لەم کاتانەدا، چەندان چالاکی ئاسان و ناو ماڵ هەن لەسەر ئینتەرنێت. خۆت ئامادە بکە و دەست پێبکە.

ئەم کاتە بەخۆشی بەسەر ببە لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەتدا

ڕەمەزان کاتێکی زۆر باشە بۆ چێژ وەرگرتن لە کاتەکانتان پێکەوە لەگەڵ خێزاندا، بەهۆی ژیانە سەردەمیەکەمانەوە خواردن پێکەوە بۆتە شتێکی زۆر دەگمەن، ڕەمەزان ئەو کاتەیە خێزانەکان بتوانن کۆببنەوە و پێکەوە ژەمی بەتام و شیرینی دروست و ئامادە بکەن. پێکەوە خواردنەکانتان بخۆن، لە یادتان بێت هێشتا لە هەندێك شوێن قەدەغەی هاتوچۆ هەر هەیە، کەواتە دەتوانیت ئەم کاتە بەسەر ببەیت لەگەڵ ئەو کەسانەی لەگەڵیان دەژیت.

بڕێکی باش بخەوە

خەوتنی باش زۆر گرنگە بۆ تەندروستبون و لەش ساغی، ماوەی تەندروست بۆ خەوتنی شەوانە بریتیە لە 7-8 کاتژمێر، بەڵام هەرکەسێک بە جۆڕێک پێویستی بەم بڕەیە، ئەگەر کەم بخەویت، حەزی خواردنت زۆر دەبێت و ئەمەش بەڕۆژوبون سەخت دەکات، هەوڵبدە شەوانە زو بخەوە هەستە بۆ پارشێو و نوێژی بەیانی، قەرەبوی خەوی پارشێوت لە پاش پارشێو یان لە ڕۆژدابکەوە.

تەکنۆلۆژیا بەکاربهێنە بۆ پاراستن و بەردەوامبون لە پەرستن

زۆرینەی مزگەوتەکان بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا داخراون، بەڵام بەهۆی تەکنۆلۆژیاوە دەتوانین لە پەرستش بەردەوام بین، کەناڵەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی بۆنە و کۆبونەوە پەرستشەکانی تێدایە، بۆ نوێژی پێکەوەی، دەتوانن سەکۆی ئینتەرنێت بەکاربێنن، داهێنەر بە.

یارمەتی کەسانی دیکە بدە

با لەیادمان نەچێت ڕەمەزان بریتییە لە کاتی هاوخەمی و پێکەوەبون و بەخشندەی، بە تایبەتی لەم دۆخە هەستیارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دا چونکە زۆر کەس خۆشەویستانیان و گوزەرانیان لەدەستداوە، کاری خێرخوازی و چاکەکردن سودی هاوبەشی هەیە بۆ کەسی بەخشەر و کەسی وەرگر، ئەم کارە بە زۆر ڕێگە دەکرێت ئەنجامبدرێت، وەک هەواڵ پرسینی کەسانی بەتەمەن، خاوەن پێداویستی تایبەت، گەڕەکە هەژارەکان، بە تەلەفون یان ناردنی خۆراك و پێویستیەکان، هەروەها دەکرێت پارە و کەلوپەل و پێداویستییەکان ببەخشرێتە ئەو کەسانەی داهاتیان لەدەستداوە بەهۆی ئەم نەخۆشیەوە.

به‌سووپاسه‌وه‌ له‌ماڵپه‌ڕی خه‌ندان وه‌رگیراوه‌.

SHOPPING CART

close