پارەی بردنی ئۆتۆمبێل بۆ ئێران ھەرزان کرا
چەند بڕیارێک بۆ پێدانی ڤیزەی خۆڕایی بە ھاووڵاتیانی ھەرێم دەرکرا

کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ھەولێر زانیاری و ڕێنمایی نوێی سەبارەت بە پێدانی ڤیزە بە ھاووڵاتیانی ھەرێم بڵاودەکاتەوە و جۆرەکانی ڤیزەی خۆڕایی ئاشکرادەکات و جەختیشدەکاتەوە، کە پێویست ناکات ھاووڵاتیان سەردانی کونسوڵخانە بکەن و دەشڵێت: “مۆری ھاتن و چوون ناخرێتە سەر ڤیزە”.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ھەولێر، مورتەزا عەبادی، سەرکونسوڵی ئێران لە ھەولێرڕایگەیاندووە، پەیوەندی بەھێز و برادەرانەی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری عیراق بووە ھۆی ئەوەی، کە حەسەن ڕۆحانی لە سەردانەکەیان بۆ بەغدا بە فەرمی پێشنیاری نەمانی ڤیزە یان تێچووەکەی بخەنەڕوو و بەرپرسانی عیراقیش لە وەڵامدا ڕایانگەیاند، کە ژێرخانی پێویست بۆ ھەڵگرتنی ڤێزە بوونی نییە و تەنیا ڕەزامەندییان لە سەر نەمانی تێچووی پێدانی ڤیزە دەربڕی، ھەر بۆیە وەرگرتنی ڤیزە بۆ ھاووڵاتیانی ھەر دوولا وەک ڕابردوو بە پێویست دادەنرێت، بەڵام ھیچ تێچوویەکی نابێت.

وتیشی، “کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک نوێنەرایەتییەکانی دیکەی ئێران لە عیراق لە ڕۆژی دوو شەممە ١ی نیسانەوە ھاوکات لە گەڵ ڕۆژی نیشتمانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم ڕێککەوتنەی جێبەجێ کردووە و چاوەڕوان دەکرێت لایەنی عیراقیش ھیچ کێشەیەکی لە سەر ئەم ڕێککەوتنە نەبێت”.

ناوبراو سەبارەت بەو ڤیزیەی، کە ڕێککەوتنەکەی نێوان تاران و بەغدا دەیانگرێتەوە، وتی، “ڤێزەی ھاتن، گەشتیاری، زیارەتی، خوێندن، کار، تەندروستی و بنەماڵە بە ڕەچاوکردنی یاسا ھیچ تێچووەیەکیان نابێت”.

مورتەزا عەبادی جەختیشی کردۆتەوە، لە ساڵی ١٣٩٧ی کۆچی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە ھەرێمی کوردستانەوە ڤیزەی ئێران-یان وەرگرتووە و پێدانی ڤیزەی بێ بەرامبەریش تێچووی سەردانەکانی ئەوان کەم دەکاتەوە و گەشە بە بواری گەشتیاری دەدات.

کۆنسوڵی ئێران سەبارەت بە وەرگرتنی ڤیزەش وتی، “ئەوانەی دەیانەوێت سەردانی وڵاتی ئێران بکەن، دەتوانن ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگای کۆمپانیاکانی گەشتیاری و نووسینگەکانی پۆستەی ھەولێر لە پارێزگاکانی کەرکوک، ھەولێر، نەینەوا یان لە ڕێگای ماڵپەڕی e_visa.mfa.ir داوای ڤیزە بکەن و پاشان کۆدی تایبەتی خۆیان وەربگرن و بە ناونیشانی [email protected] بۆ کونسوڵخانەی ئێرانی لە ھەولێر بنێرن تا کونسوڵخانە بە پێی یاسا ڤیزەکانی ئەوان دەربکات.

دەشڵێت: “چیدی پێویست بە ھاتنی خەڵک بۆ کونسوڵخانە ناکات و ڕەزامەندی بۆ پێدانی ڤیزە یان بە پێچەوانەوە لە ڕێگای ئەو ناونیشانەوە، کە داواکارییەکەی بۆ کونسوڵخانە نێردراوە، پێ ڕادەگەیەندرێت”.

وتیشی، “ڤیزە بە شێوازی ئەلکترۆنی دەردەکەین و وەک ڕابردوو پێویست بە لکاندنی بە پاسپۆرتی خەڵک ناکات، بەڵکو لە ڕێگای سیستەمی یەکگرتووەوە لە ناوەندەکانی پاسپۆرتی ئێران دەبینرێت و ڕۆیشتن و گەڕانەوەی خەڵک بۆ ئێران لە ڕێگای ئەو سیستەمەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت و ھیچ مۆرێک لە پاسپۆرتەکانی ئەوان نادرێت”.

عەبادی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەرچی وەرگرتنی پرێنتی پێدانی ڤیزە بۆ ھاووڵاتیان بە پێویست نازانین، بەڵام ئامۆژگاری ئەوە دەکەین، کە ئەوانەی ویستی سەردانی ئێرانیان ھەیە بە مەبەستی دڵنیایی زیاتر ئەو پرێنتە لە گەڵ خۆیان ببەن.

کونسوڵی ئێران لە ھەولێر سەبارەت بەو بڕە پارەیەش، کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێرانییەکانی وەردەگرێت، وتی، “ڕێککەوتنەکەی نێوان ئێران و عیراق باس لەوە دەکات، کە ھیچ بڕە پارەیەک لە ھاووڵاتیانی ھەر دوولا وەرناگیرێت و لە چاوپێکەوتنم لە گەڵ وەزیری ناوخۆی ھەرێم وێڕای باسکردنی ئەم ڕێککەوتنە، داوای نەمانی ئەو بڕە پارەیەم کردووە، کە بەڵێنی ھاوکارییان داوە”.

ناوبراو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن ئێران ڕێگری لە چوونی ئۆتۆمبێلی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەم وڵاتە دەکات و وتی، “ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان پاش تەواوکردنی ڕێوشوێنە یاساییەکان دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان سەردانی ئێران بکەن”.

ڕاشیگەیاند، بەداخەوە لە ڕابردوودا ھەندێک نووسینگە لە ھەولێر و سلێمانی بڕی ٢٥٠ دۆلاریان لەو خەڵکە وەرگرتووە، کە ویستی بردنی ئۆتۆمبێلی خۆیان بۆ ئێران ھەبووە، بەڵام ئێستا لە ڕێگای کۆمپانیاکانی بیمەی ئێرانەوە لە سنورە ھاوبەشەکان ئەم پارەیە بۆ ١٠٠ دۆلار کەمکراوەتەوە و ھەڵبەت کونسووڵخانە لە ھەوڵی ئەوەدایە زیاتریش دابەزێت.

مورتەزا عەبادی وتی، “سەبارەت بە ناڕاستی ھەندێک تێچوو بۆ ئەو کەسانەی، کە بە ئۆتۆمبێلی خۆیان سەردانی ئێران دەکەن، لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی ھەرێم وتووێژمان کردووە و ئەوان بڕیاری پێویستیان دەرکردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە داھاتوویەکی نزیکدا ئەم تێچووانە بە تایبەت لە پرسی بردنی ئۆتۆمبێلی خەڵک بۆ ئێران زیاتر بەرەو دابەزین بڕوات”.

سه‌رچاوه‌: خه‌ڵك