نهێنی گەنج مانەوەی یابانیەکان ئاشکرابوو

چوونە تەمەن شمشێرێکی دوودەمە، چونکە شارەزایی و ئەزموونی ژیان زیاد دەبێت و بەهۆیەوە شێوازی ژیانمان باشتر دەکەین، بەڵام لە بەرامبەردا تەمەن چرچی پێست و قژی سپی و پەڵەی سەر پێست لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.

 
خانمە ژاپۆنیەکان بەوە بەناوبانگن هەمیشە روخسارێکی گەنجیان هەیە، هەربۆیە لەم بابەتەدا نهێنیەکانی گەنج مانەوەی پێستیان ئاشکرا دەکەین:

-خواردنەوەی چای سەوز
ئەو بۆچوونە هەڵەیە کە دەڵێت جوانی پێست تەنیا پەیوەندی هەیە بەو بەرهەمانەوەیە کە دەیدەیت لە پێستت بەڵکو لە راستیدا پەیوەندی هەیە بەو خۆراک و خواردنەوانەی دەیخۆیت، لەم چوارچیوەیەدا چای سەوز چەندین سودی گرنگی هەیە بۆ پاراستنی پێست لە تیشکی سەرو بنەوشەیی و کەمکردنەوەی چرچی پێست.
-گژوگیای دەریایی
گژوگیای دەریایی بەشێکی گرنگە لە ژەمەخۆراکیەکانی ژاپۆنیەکان و سودێکی گرنگی بۆ پێست هەیە لەبەر ئەوەی دەوڵەمەندە بە چەندین جۆر ڤیتامین و کانزای وەک کالسیۆم و مەگنسیۆم و ئاسن و فۆلات.
گژوگیای دەریایی پەڵەی سەر پێست کەمدەکاتەوە و لە زیانەکانی تیشکی خۆر دەیپارێزێت و چەند پێکهاتەیەکی تیادایە ئاوسان و سوربوونەوەی پێست کەمدەکاتەوە و یارمەتی پڕۆسەی سوتاندنی خۆراک بۆ وزە دەدات.
-مەساج کردنی ڕووخسار
چۆن مەساجکردنی لەش سودی هەیە و سوڕی خوێن چالاک دەکاتەوە  بەهەمان شێوەش مەساجکردنی رووخسار سودی هەیە،  بۆ ئەم مەبەستە دەتوانیت ئەو ڕۆڵانە بکڕیت کە بۆ مەساجکردنی ڕووخسار بەکاردێت و لەکاتی تەماشاکردنی تەلەفیزیۆن یان خوێندنەوەی کتێب بەکاری بهێنیت.
-پاککەرەویەکی گونجاو بەکاربهێنە
خانمە ژاپۆنیەکان زیاتر ئەو بەرهەمانە بەکاردەهێنن کە لە تێکەڵەی سروشتی دەچن، بەڵام زۆربەمان گرنگی بەو بەرهەمانە دەدەین کە چەوری و زەیتەکانی پێست لادەبات ئەمەش نەریتێکی هەڵەیە، چونکە پێست پێویستی بەو زەیتە سروشتیانە هەیە.
لەجیاتی ئەوەی چەند جارێک لە رۆژەکەدا بە پاکەرەوەی تیژ ڕووخسارت بشۆریت جۆرێک هەڵبژێرە چەند کەرەستەیەکی سروشتی تیادابێت و رۆژی یەکجار پێش خەوتن بەکاری بهێنە، بەڵام ئەگەر پێستت چەورە گرنگی زیاتری پێ بدە.
-تۆنەر بەکار مەهێنە
تۆنەر زەیتە سروشتیەکانی پێست لادەبات ئەمەش رەنگە سودی هەبێت ئەگەر زیبکەت  هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی پێست وشک دەکاتەوە دەبێت ئاگاداری بیت، چونکە پێستی وشک زووتر نیشانەکانی پیری تیادا دەردەکەوێت.
-کۆلاجینت لەبیر نەچێت
کۆلاجین ریشاڵێکی بەستەرە کە پێست بە توندی و گەنجی دەهێڵیتەوە، هەربۆیە خانمە یابانیەکان ئەو بەرهەمانە بۆ روخساریان بەکاردەهێنن کە دەوڵەمەندە بە کۆلاجین، هەروەها ئەو خۆراکانە زۆر دەخۆن کە کۆلاجینی تیادایە وەک ئاوی گۆشت.
پێویستە بزانیت جگەرەکێشان و بەرکەوتنی تیشکی خۆر و خراپی سیستمی خۆراکی کۆلاجین کەمدەکاتەوە.
-پشوو بە پێستت بدە
لەکاتێکدا رۆتینی گریگیدان بە پێست سودی هەیە هەندێک جار گرنگە پشوو بە پێستت بدەیت، چونکە بەکارهێنانی بەرهەمی زۆر زیان بە پێست دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی داخرانی کونیلەکان، بۆ ئەمەش بەلایەنی کەمەوە هەفتەی رۆژێک ماکیاژ مەکە و بەرهەمی پێست بەکارمەهێنە تاوەکو پێستت هەناسە بدات.

دوارۆژ – وەرگیڕان:هێڤی فەرهاد

بڵاوی بكه‌ره‌وه‌ له‌:

سه‌به‌ته‌ی كڕین

close