مژدەیەک بە ھاووڵاتیان دەدرێت.. “ئەم زەوییانە تاپۆ دەکرێت”

لیژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان پێشنیازێکی تایبەت بە تاپۆکردنی زەوییە زیادەڕۆییەکانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەکات، بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی کارەوە، سەرۆکی لیژنەکەش رایدەگەیەنێت، بە ھەزارەھا زەوی زیادەڕۆ ھەن کە بە تاپۆکردنیان ژمارەیەکی زۆری خەڵکی کەمدەرامەت سوودمەند دەبن

به‌گێڕانه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌ له‌ تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی، بژار کۆچەر سەرۆکی لیژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاندووه‌، لیژنەکەمان پێشنیازێکی ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردوە کە تایبەتە بە تاپۆکردن و بەخاوەندارێتیکردنی ئەو زەوییانەی کە لەسنووری شارەوانیەکانی ھەرێمی کوردستان بەزیادەڕۆی (تجاوز) کراون بەخانوو، داواشمان کردوە بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە.

وتیشی: “لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی کۆبوونەوە لەسەر ئەو پرسە کراوە”

بەوتەی سەرۆکی لیژنەی کاروباری یاسایی، بە ھەزارەھا ھاووڵاتی کەمدەرامەت لەسەر زەوی زیادەڕۆ نیشتەجێن، بۆیە بە پەسەندکردنی ئەو پێشنیازە ژمارەیەکی زۆری خەڵک سوودمەند دەبن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێک مەرج بۆ پێشنیازەکە دانراوە.